كوردی/کوردانی سوریا لەسیاسەتی دەرەکی ئەمریکا: ستراتژی درێژخایەن یا کەرەستەی سیاسی؟ – 2

نووسەر: لارا عەزیز

ناوەندی لێکۆڵینەوەی قەیران و ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکان

لەلایەن چاودێری مافی مرۆڤی کوردستانی ئێرانەوە وەرگێڕدراوەتەوە

ئا. بەهێزبوونی پەیەدە لەباکووری رۆژهەڵاتی سوریا

هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی قەیرانی سوریا لەساڵی 2011، ئۆپۆزسیۆنی سوریا خێرا بەناوی ئەنجوومەنی نەتەوەیی سوریا دامەزرا و گرووپەکانی دژ بە بەشار ئەسەدی کۆکردەوە. هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی نارەزایەتییەکان، پارتی یەکێتی دێمۆکراتیک (پەیەدە)، باڵی پەکەکە لەسوریا، بڕیاری دا پێش هەموو شتێک لەجیاتی هاوکاری لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سوری لەگەڵ گرووپە کوردەکان هاوکاری بکات. کورد ئەم قەیرانەی وەک پێکدادانی نێوان عەرەبەکان دەزانی. (Thornton, 2015). هاوکات پەیەدە، ئەنجوومەنی نەتەوەیی سوریای تاوانبار کرد کە لەبەرژەوەندی تورکیادا دەجووڵێتەوە. لەئەنجامدا ئۆپۆزسیۆنی عەرەب ئامادە نەبوو مافی کەمینەی کورد بە فەرمی بناسێنێت و رادیکاڵ بوونی کردەوە چەکداریەکانی گرووپە عەرەبەکانی دژبەری سوریا بووە هۆی تا کوردانی دژبەریش لێ دوور بکەونەوە.

کوردانی سوری لەدەرەوەی ململانێ سوریا

کوردانی سوریا لەساڵی 1962 لەلایەن رژیمی بەعس نکۆڵیان لێکراوە، بۆ یەکەمجار لە یەکی گۆڵانی 2011 لەقامێشلوو، حەسەکێ و ئامودێ لەدژی ئەسەد تەڤلی راپەڕین بوون. بەڵام پەیەدە کە لەساڵی 2003 دامەزرابوو بڕیاری دا لەدەرەوەی ململانێ سوریا بمێنێتەوە و چاوەڕێ دەرفەتێکی گونجاو بوو. هەر لەسەرەتاوە پێنەدەچوو کە پەیەدە بتوانێت لە ململانێ سەر بکەوێت، چوونکە کوردانی سوریا بوونە سێ بەشەوە: ئەنجوومەنی نەتەوەیی کوردان، لێژنەی هاوئاهەنگی نەتەوەیی کورد بۆ گۆڕانکاری، ئەنجوومەنی نەتەوەیی سوریا. پەیەدە یەکێک لە دەیان گرووپی کوردی سوریا بوو بەڵام بە سەری خۆی کەم و زۆر کۆنترۆڵی هەموو سنوورەکانی سوریا لەگەڵ تورکیای لەدەستدا بوو.

پەیەدە کە تەنیا گرووپی کورد بوو کە هێزی چەکداری بوو لە ژوئیەی 2012 بەهاوئاهەنگی لەگەڵ ئەسەد کۆنترۆڵی ناوچە کۆردنشینەکانی باکووری سوریای بەدەستەوە گرت. ئەم بڕیاری بە ئامانجی ناسەقامگیری ئاسایشی تورکیا دەکرا. هێزەکانی ئەسەد لەم ناوچەیە دەرکەوتن. کۆنترۆڵی پەیەدە لەسەر ناوچەکە بە توندوتیژی لەگەڵ دژبەرانی کورد تێکڕا بوو و چاودێری مافی مرۆڤیش لەساڵی 2014 نموونەی ئەم توندوتیژیەی بڵاو کردەوە. (Desoli, 2015). چاودێری مافی مرۆڤ لەم راپۆرتەدا پەیەدە و پۆلیسی ئاسایش تاوانبار دەکات بەوەی کە خەڵکیان دەستگیر کردووە، دادگای رواڵەتیان بەڕێوە بردووە و ئەشکەنجەی دژبەرانیان کردووە. بەگوێرەی ئەم راپۆرتە 9 سیاستڤان لەناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی پەیەدە/یەپەگە کوژراو یا بێ سەروشوێن بوون.

بەمجۆرە پەیەدە بێ شەڕ و پێکدادان کۆنترۆڵی شارە کوردنشینەکانی لەهێزەکانی ئەسەد وەرگرت. ئەم بووە هۆی ئەوەی تا ئۆپۆزسیۆن، پەیەدە بە ئۆپۆرتۆنیست و خائن تاوانبار بکات و ناکۆکی نێوان پەیەدە و یاخییە عەرەبەکان زیادی کرد. زۆربەی ئەوانە پەیەدەیان بە هاوکاری ئەسەد تاوانبار دەکرد. پەیەدە و ئەسەد هەڤاڵ نەبوون و دوژمنی یەکتریش نەبوون و پەیوەندیەکانیان نادیار بوو. کاتێک پەیەدە لەگەڵ بەشار ئەسەد پەیمانی دەستدرێژی بە یەکتریان واژۆ کرد، پێگە و گرنگایەتی زۆرتر کەوتە ژێر پرسیارەوە. (Plakoudas, 2017). ئەم رێککەوتنە بۆ هەردووکیان گرنگ بوو. ئەم دەرفەتەی بۆ کورد دەرەخساند کە نەبێتە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەسەد و وێنەیەکیشی لە هەڵسووکەوتی ئەسەد لەگەڵ کەمینەکان پیشان دەدا. ئانکارا، دەمشقی تاوانبار کرد بەوەی کە راستەوخۆ ئەم ناوچانەی داوەتە دەست پەیەدەوە چوونکە پەیەدە باڵی پەکەکەیە و ئەم گرووپەش لە نێو لیستی تێرۆردایە کە چەند دەیەیە لەگەڵ تورکیا شەڕ دەکات. بەم چەشنە، پەیەدە/ یەپەگە بوون بە بەشێک لە باڵی سێیەمی ململانێ لەنێوخۆی سوریا و هاوپەیمانی تێک ئاڵاوی پەیەدە لەگەڵ هاوپەیمانی لەژوئیەی ساڵی 2013 کۆتایی هات و پێکدادانی نوێ دەستیان پێکرد.

 

ترک پاسخ

لطفا نظر خود را وارد کنید
لطفا نام خود را اینجا وارد کنید