نووسەر: لارا عەزیز
ناوەندی لێکۆڵینەوەی قەیران و ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکان
لەلایەن چاودێری مافی مرۆڤی کوردستانی ئێرانەوە وەرگێڕدراوەتەوە
هاوپەیمانی ئەمریکا – کورد
هاوپەیمانی ئەمریکا – پەیەدە/یەپەگە لە دەوڵەتی ئۆبامادا پەرەی سەند کە ئامادەی پشتیوانی راستەوخۆ لە هێزەکانی سوریای دێمۆکراتیک، هاوپەیمانییەک پێکهاتوو لە شەرڤانانی کورد و عەرەب لەدژی داعش بوو. بەرژەوەندی تایبەت لەناوچەی ئەواندا بووە هۆی ئەوەی کە بە شێوازی هاوبەش هاوکاری بکەن و ئەمەش هاپەیمانی ئەمریکا – کوردی شیدەکردەوە.
ئا. ویستی کوردان. یەکەمین ئارمانجی کوردەکان راشکاوانە رامیاری بوو کە دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی کە باکووری رۆژهەڵاتی سوریایە. بۆیە پەیەدە/ یەپەگە رووبەڕووی 2 بژارە بووەوە: کۆنترۆڵی رۆژئاوا بە پشتیوانی ئەمریکا یا رادەستکردنی ناوچە بە دەوڵەتی سوریا بەمەبەستی بەدەست هێنانی پشتیوانی رووسیا لەبەرانبەر هێرشەکانی تورکیا.( Balanche, 2018). لایەنی کوردی راشکاوانە بژارەی یەکەمی هەڵبژارد.
هەروەک چۆن پێشتر گووترا، ئازادکردنی کۆبانی رۆلێکی سەرەکی لە ژیانەوەی ویستی کوردە نەتەوەپەرەستەکانی سوریادا بۆ دەسەڵاتی زۆرتر وروژاند. شەڕ لەدژی داعش لە ئاستی ستراتژیک بووە هۆی هاوکاری ئەمریکا و یەپەگە. ئەمە بووە هۆی پشتیوانی لەپەیەدە و پرۆژەی رۆژئاوا و ئەم دەرفەتەی بۆ رەخساندن تا وەک هاوپەیمانی ئەمریکا و هەبوونی کاریگەری ناوچەیی بناسرێن. پەیەدە هیوادار بوو لەرێگای شەڕ لەگەڵ داعش رۆلێکی کاریگەر لەناوچەکە بەدەست بێنێت. هەر ئەو کارەی کە کوردانی ئێراق دوای پشتیوانی کردن لە بوونی ئەمریکا لە ئێراق لەساڵی 2003 ئەنجامیان دا. بەڵگە هەیە کە پرۆژەی پەیەدە ئەنجامی هەبووە. راگەیاندنەکانی رۆژئاوایی پەیەدە/یەپەگە وەک بەکاریگەرترین هاوبەشی هەرێمی ئەمریکا لە شەڕ لەگەڵ داعش ناساند. ئەمریکا پشتی بەو زانیاریە هەواڵگریانە کە لەلایەن یەپەگەوە پێ دەدرا قایم بوو و سەرەڕای پەیوەندیان لەگەڵ پەکەکە ئەم گرووپەی وەک گرووپی تێرۆریستی رانەگەیاند. بێجگە ئەمە، بەرپرسانی کورد ئاشکرایان کرد کە ئەمریکا و پەیەدە لەگەڵ تورکیا چەندین هەفتە بەمەبەستی پاراستنی کۆبانی دانوستاندنی شاراوەیان هەبووە. بۆیە سەیر نییە کە ئەمریکا لەساڵی 2015 بڕیاری دا لەرێگای ئاسمانییەوە و بەشێوازی راستەوخۆ چەکی بۆ یەپەگە هەنارد.
کوردانی سوریا ئاگاداری دەوری گرنگی ئەمریکا لەم پێکدادانەدا بوون و بە شێوازی قووڵ خوازیاری راکێشانی سەرنجی ئەمریکا بوون. (Gunter, 2015). بۆیە پەیەدە بەگشتی خۆی لە پێگەی هێزەکانی دێمۆکراتیک دانا تا پشتیوانی نێودەوڵەتی بەتایبەت ئەمریکای هەبێت. پەیەدە خێرا خۆی وەک پارتێکی پلۆرالیست و دێمۆکراتیک ناساند کە هەموو پارت کوردیەکانی دیکە و گرووپە خێڵی و ئائینزایی لەسوریای لەخۆ دەگرت. سەرکردەکانی کورد بەشێوازی مسۆگەر دەوری شەڕی کورد لەدژی داعشیان وەک نموونەیەک لەشەڕی لەگەڵ دەسەڵاتخوازی لێکدەدایەوە و ئەم هزرەیان خستە بەرباس کە گەیشتنی کوردان بە ئارمانجەکانیان بە واتای مافی زۆرتری دێمۆکراتیکە لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستدایە. (Kaya et al., 2017). پرۆژەی زاڵی پەیەدە بەگوێرەی نرخەکانی دێمۆکراسی رێکخرابوو تا بتوانێت بە شێوازی ئاوارتە لەزیانە سەپێندراوەکان لەداعش و دەوڵەتی ئەسەد رزگاری بێت.
پەیەدە/یەپەگە لەسەر بنەمای ویستی رامیاری خۆی بەرژەوەندی ستراتژیکی دووەمیشی لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا هەبوو: نەوت کە دەوڵەتی سوریا بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵات خوازیاری هەموو پارەکەیەتی. ئەم ناوچە لەنێوان 50 بۆ 70 لەسەدی نەوتی سوریا بەرهەم دێنێت و بەشار ئەسەد بەمەبەستی بەدەست هێنانەوەی دووبارەی سەربەخۆیی وزە و سنووردارکردنی وابەستە بوون بە دەرەوە بەتایبەت بە رووسیا پێویستی پێیە. هەوڵ بۆ سڕینەوەی یەپەگە لەرێگای زۆر لە شۆباتی 2018 بەهۆی پشتیوانی بەهێزی ئاسمانی ئەمریکا شکستی هێنا. بۆیە کۆنترۆڵی ئەم ناوچەیە داراییەکی ئابووری بۆ پەیەدە و یەپەگە تێدا هەبوو.
بەڵام هەڵەی تاکتیکی کوردانی پەیەدە/یەپەگە ئەمە بوو کە بەتەواوەتی گرێدراوی ئەمریکا بوون و ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە رووسیا پشتیان بەتاڵ بکات و دەزانین کە مسکۆ لەسوریا داردەستی زۆرتری لەچاو ئەمریکا هەیە. ئایا پەیەدە بەراستی وابیری دەکردەوە کە ئەمریکا بۆ هەتاهەتایە رزگاری دەکات؟ ئایا واشنگتۆن مەترسی رووبەڕووبوونەوەی گەورە لەگەڵ تورکیا وەک هاوپەیمان لەناتۆدا دەپەژرێنێت؟