نووسەر: لارا عەزیز
ناوەندی لێکۆڵینەوەی قەیران و ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکان
لەلایەن چاودێری مافی مرۆڤی کوردستانی ئێرانەوە وەرگێڕدراوەتەوە
بەندەکانی رێککەوتنی رووسیا و تورکیا
- هێزەکانی تورکیا دەتوانن لەدرێژایی سنووری 120 کیلۆمەتری بمێننەوە کە لەنێوان گرێ سپی و سەرێ کانییە و پێشتر داگیر کراوە.
- هێزەکانی رووسی و سوری کۆنترۆڵی ناوچە سنووریەکانی دیکەیان بەدەستەوە دەبێت و دڵنیایی دەدەن لەوەی کە شەرڤانانی یەپەگە 30 کیلۆمەتر لە سنوور دوور دەکەونەوە.
- هێزەکانی تورکیا و رووسیا دەوریەی هاوبەش بە قووڵایی 10 کیلۆمەتر لەناوچەی ئارام بەدرێژایی سنوور لەرۆژی 29ی ئۆکتۆبەر دەست پێدەکەن.
- تورکیا و رووسیا ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سوریا دەکەن.
ئەم هاوپەیمانییە نوێئیە نێوان ئەنکارا و دەمشق سەیر بوو. لەراستیدا جۆرێک گەڕانەوە بۆ دواوە بوو. چوونکە ئەردۆغان لەساڵی 2011 بۆ لەناوبردنی بەشار هەر کارێکی کرد. ئەنکارا وایدەزانی بەشار ئەسەد بەم زووانە دەڕووخێت و ئخوانولمۆسلمین دەسەڵات بەدەستەوە دەگرن. 8 ساڵ دواتر، نوێ بوونەوەی پەیوەندی لەگەڵ سوریا دان پێدانان بوو بە شکستی تورکیا. (Andlauer, 2019).
پەیوەندی سوریا و تورکیا کاتیک نوێ بووەوە کە پوتین رێککەوتنی 1998ئ ئادانای خستە بەرباس تا ئەردۆغان رازی بکات پەیوەندی دۆستانەی لەگەڵ سوریا سەرلەنوێ دابمەزرێنتەوە. موراد یەکتین کە نووسەرێکە دەڵێت: پوتین بەڵێنی لە ئەردۆغان وەرگرت کە لەمە بەدواوە هەمو رەوتەکە لەسەر بنەمای هاوکاری کردن لەگەڵ سوریا دەکرێت. ئەم رێککەوتنە دەمشقی ناچار کرد پێش لەوە بگرێت کە خاکەکەی ببێت بە شوێنی پەکەکە. بۆیە تورکەکان هەمیشە پێیان وابووە کە ئەم بەڵگەیە رێگایان پێدەدات تا چالاکی سنووردا لەنێو خاکی سوریا ئەنجام بدەن. بەندی چوارەمی رێککەوتنی سورچیش گرنگایەتی بە رێککەوتنی ئادانا داوە.( Andlauer, 2019). بەڵام لەمبارەوە کە ئیدەئالە پرسیارێک هەیە کە هێزەکانی تورکیا تا کەی دەتوانن لەسوریا بمێننەوە و چارەنووسی دەیان هەزار گیراو لە گرتووخانەکانی هێزەکانی سوریای دێمۆکراتیک کە بە گۆمانی داعش بوون گیراوان چی دەبێت. بەڵام بێگۆمان دەوری رووسیا وەک یاریزانێکی سەرەکی لەسوریا قایمتر دەکات.
ئەمریکا دەیتوانی لەبوونی خۆی کەڵک وەربگرێت تا کوردەکان کات، شوێن و ئاسایشیان هەبێت و لەگەڵ ئەسەد لەبارەی کۆنترۆڵ کردن و دەسەڵات رێک بکەوەن، بابەتێک کە بۆ تورکیاش پەسەندکراو بوو بەڵام ئەمریکا ئەم کارەی نەکرد. (Hiltermann, 2018). لەبەرانبەردا نەبوونی ستراتژی لەلایەن ترامپەوە ئاسانکاری بۆ سەرکەوتنی تورکیا لەناوچەکە کرد.
بەهێز بوونی توانای دیپلۆماسی ئەنکارا
ئەمریکا سەرەتا بە تورکیای وت هاوپەیمانی لەگەڵ پەیەدە/یەپەگە کاتییە و چەکەکان کە لەشەڕی کۆبانی پێی دراون لەزووترین کاتدا لێ وەردەگیردرێتەوە. بەڵام دۆخەکە گۆڕا چوونکە پێویستی بە هێزێکی کاریگەر لەدژی داعش هەبوو. سەرەتا دیپلۆماتە ئەمریکییەکان باسی ئاشکرا بوونی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ یەپەگە نەدەکرد بەڵام چەکدارانی ئەمریکی زۆر خێرا پێیان خۆش بوو کە ئەم پەیوەندیە ئاشکرا بکەن. زیاتر لە هەمیشە چەکیان بۆ کوردەکان هەنارد و ئەمە بووە هۆی تووڕەیی زیاتری تورکیا، بەتایبەت کە یەپەگە بە پشتیوانی ئەمریکا لە ساڵی 2016 شاری منبێجی کۆنترۆڵ کردەوە.
هاوکات لەگەڵ هەڕەشەکانی تورکیا بۆ دەستپێکردنی چالاکی سەربازی لەدژی یەپەگە، ئەمریکا لەسەر دوو رێیانی مایەوە: چاولێکەری لەناوچوونی کوردانی سوریا بێت یا پەرە بە قەیرانی تورکیا بدات. لەروانگەی یەکەمدا، ئەمریکا رێبازێکی کاتی هەڵبژارد. کاتێک دەیان هەزار هێزی تورکیا لە نێزیکی سنوور جێگیر بوون، بەرپرسانی ئەمریکد لە مانگی ژوئیە بڕیاریان دا بەمەبەستی کەمکردنەوەی نیگەرانییەکانی تورکیا پێشنیازێکیان بۆ بکەن. ئەم پێشنیازە بریتی بوو لە چالاکی هاوبەشی سەربازی ئەمریکا – تورکیا بۆ دانانی سنوورێک بوو کە یەپەگە لەوێ دەرکەوتبوو. تورکیا زۆر خێرا ئەم پێشنیازەی رەت کردەوە و کۆنترۆڵی بەس خۆی بە ناوچەکە پەسەند کرد و جەختی لەسەر کردەوە. ئەنکارا خوازیاری کۆریدۆرێک بە قووڵایی 30 کیلۆمەتر بەدرێژایی سنوور لەگەڵ سوریا بوو کە ٪90 دانیشتوانی کوردی سوریا لەوێ دەژیان و داوای لەئەمریکا کرد ملیشیا کوردەکان لەچەک داماڵێت. هەروەها، بە پێی راپۆرتی بی بی سی، دەوڵەتی تورکیا خوازیاری دروست کردنی ناوچەیەک بوو کە 3600000 ئاوارەی سوری لەتورکیا دەرفەتی گەڕانەوەیان بۆ ئەوێ هەبێت. هەرجۆرە گۆڕینی دمۆگرافیا زۆر ناسەقامگیر دەبێت و مەترسی ژیانەوەی داعش دەخاتە بەرباس. تورکەکان تێگەیشتن بە هەڕەشە کردن و هێرش بۆ باکووری رۆژهەڵاتی سوریا، دەتوانن ئەمریکا ناچار بکەن بۆ داخوازیەکانی دیکەیان بێننە نێو رێکەوتنەوە.
لەهەمان کاتدا، کوردەکان هەڕەشەیان کرد شەڕ لەگەڵ تورکیا دەبێتە هۆی ئەوەی نەتوانن گیراوەکانی داعش رابگرن. ئاڵدار خەلیل، سیاستڤان رایگەیاند: یا دەبیت لەگەڵ تورکیا شەڕ بکەین یا ئەوەی کە گیراوەکانی داعش رابگرین، ناتوانین ئەم دوو کارە لەیەک کاتدا ئەنجام بدەین. کوردەکان وەک داردەست لە گیراوەکانی داعش لەدژی گوشارەکان کەڵکیان وەرگرت چوونکە دەیانزانی سەرکەوتن لەبەرانبەر تورکیا خەونە. هێرشەکانی تورکیا ئەم دەرفەتەی بۆ 600 گۆمان لێکراوی مەترسیداری داعش رەخساند تا لە گرتووخانەکانی هیزەکانی سوریای دێمۆکراتیک هەڵبێن.
دۆخەکە کاتێک خراپتر بوو کە ترامپ بە فەرمی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکی لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا راگەیاند. تورکیا خێرا بڕیاری دا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم هێرش بکاتە سەر یەپەگە. لەراستیدا، ئانکارا کاتی بە فێڕۆ نەدا، ناوچە کوردنشینەکانی سوریای زۆر بە خێرایی داگیرکران. هەزاران کورد ئاوارە بوون و بەرپرسانی سیاسی و سەربازی دۆخی ئاوارەتەیان راگەیاند و داوای یارمەتی گشتی بوون. بە پێی راپۆرتی کوردستان 24، بەوتەی رێکخراوی نێودەوڵەتی، لانی کەم 130 هەزار کەس خەڵکی سڤیل کەمتر لەیەک هەفتە هەڵاتن. ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی سوریای دێمۆکراتیک جەختی کردەوە لانی کەم 300 هەزار کەس شوێنی ژیانی خۆیان بەرداوە و 250 کەسیش کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون کوژراون. جیا لەمانە 300 کەسیش بێ سەروشوێنن.
بە لەبەرچاو گرتنی ئەم رووداوانە، ئاشکرایە کە شکستی ئەمریکا ئەم ناوچەیە خستە نێو قەیرانێکی قووڵترەوە و هەوڵەکان بۆ لەناوبردنی ئەندامانی دیکەی داعش و پەلکێشانی وڵاتانی ناوچەکەی خستە مەترسیەوە. مسکۆ و دەمشق خۆشحاڵی خۆیان لەدەرچوونی ئەمریکا دەربڕی.