دانوستاندن لەنێوان ڕۆژئاوا و ترکیا بۆ وەرگرتنی ئەندامێتی سوید و فەنلاند لە ناتۆ، دەستی ئەردۆغانی بۆ هێرش کردنی قورس لەدژی پەکەکە کراوەتر هێشتووتەوە.
گواستنەوەی بەشێک لە هێزە سەربازیەکان و کەلوپەلی سەربازی تورکیا بۆ سەر سنوورەکانی سوریا، ئەم شیمانەیە بە هێزتر کردووە.
شرۆڤەکارانی ئاسایش و پاراستنی تورکیا پێیان وایە کە بە لەبەرچاوگرتنی ئاستی پێکدادانەکان لەنێوان سوپای تورکیا و پەکەکە لە باکووری ئێراق، لەوانەیە کە شەڕەکە بەرەو سوریاش ڕابکێشرێت. چوونکە دەزگا زۆرەکانی پەکەکە لە باکووری سوریا لە دۆخێکی لاوازتردان.
هەر ئەم چەند ڕۆژەی بەرێ بوو کە درۆنەکانی تورکیا لەدەورووبەری کۆبانێ لەسوریا یەکێک لە فەرماندە پلە بەرزەکانی پەکەکەیان لەدوورەوە کردە ئامانج و خۆی و پاسەوانەکانیانی کوشت. لە باکووری ئێڕاقیش هێرشێکی دیکەی ئەنجام دا و درۆنەکانی تورکیا توانیان ئەو ئۆتۆمبێلەی کە هەڵگری محەمەد ئەردۆغان و هاوڕێیانی بوو بکەنە ئامانج.
محەمەد ئەردۆغان کە وەک بەرپرسی فەرماندەیی پەکەکە لە سلێمانی و موسڵ دەناسرێت، یەکێک لە کەسایەتییە گرنگەکانی بڕیارگای ناوەندی بوو و لەناوبردنی ئەو و پاسەوانەکانی بۆ میت و سوپای تورکیا دەسکەوتێکی گەورە بوو.
میدیاکانی پەکەکە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاماری گەورەکراو لە ژمارەی کوژراوانەی سوپای تورکیایان بڵاو کردووتەوە و دەڵێن کە زیاتر لە دووسەد ئەفسەر و سەربازی تورکیایان لە سەرەتای ئەمساڵەوە کوشتووە.
بەڵام ئەم ژمارانە لالایەن ئەنکەرەوە کەمتر لە بیست کەسە و خلوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا ڕایگەیاند کە ئارمانجی سوپای ئەم وڵاتەوە ئەوەی کە دەروازەیەکی گەورە لەنێوان تورکیا و ئێڕاق بەرەو کوێستانی گارە، شنگال و لەوێیەوە بەرەوە قەندیل بپچڕێنێت و بۆیە لەناوچەی وەک گاراە و مەتیانا و ئاڤاشین و زاپ سەدان هێرشی درۆن ئەنجام دراوە و پەکەکە هیچی پێ ناکرێت.
بۆ هێرش لەدژی پەکەکە توندتر بووەوە؟
شرۆڤەکاران پێیان وایە کە دوو هۆکار لە توندتر بوونەوەی هێرشی تورکیا لەدژی پەکەکە دەوریان هەیە:
- دانوستاندن و وتوێژی ڕۆژئاوا و تورکیا بەمەبەستی وەرگرتنی سوید و فەنلاند وەک ئەندام لە ناتۆدا، ئەمە دەستی ئەردۆغانی کردووتە کە هێرشی قورستر ئەنجام بدات. ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەمریکا ناچار بووە نازی تورکیا بکێشێت و ئەورووپاش لەمبارەوە بەدوای ڕامیاریەکانی واشنگتۆن دا دەڕوات. چوونکە مەرجی نوێ کە دوای هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراین هاتە کایەوە، ئاسایش خۆراک و وزەی ئەورووپای شێواندووە. بۆیە ڕێگا بۆ ئەندامێتی سوید و فەنلاند لەناتۆدا بێ کێشەتر دەبێت و لەم دۆخەدا، تورکیا لەم دەرفەتە کەڵک وەردەگرێت تا بەمەبەستی وەرگرتنی خاڵ، لە فاکتەری ناتۆ کەڵک وەربگرێت. لەم دۆخەدایە کە دوو شاند لە هلسینکی و ستکهۆلمەوە سەردانی ئەنکەرەیان کرد و لەگەل شاندی پێکهاتوو لە ئیبراهیم کالن وتەبێژ و هاکان فیدان سەرۆکی میت و سلێمان سویلۆ وەزیری ناوخۆ گەرەنتیان داوە کە بە ڕژدی گوشار بۆ سەر پەکەکە دێنن.
- مەرجی ڕامیاری و ئابووری تورکیا لەبەرژەوەندی ئەردۆغان و پارتەکەیدا نییە. ڕەخنە لە بێ کەڵک بوونی ڕامیاری ئابووری دەوڵەت زیادی کردووە و لەوەها کەشێک دا کە ئەردۆغان و باخچەلی زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پێویستیان بە ڕەوتێکی حەماسی و نەتەوەیی هەیە تا بتوانن لە وڵامی ڕەخنەگراندا وەها بڵێن: ئێستا ئاسایشی وڵات لە مەترسیدای و کاتێکی گونجاو بۆ ڕەخنەگرتن نییە، لێگەڕێن دەوڵەت لە تێکۆشان لەدژی تێرۆر بە ئاسوودەیی هەنگاو بنێت.
پەکەکە بەدوای چی دایە؟
دۆزینەوەی وڵامێکی ڕوون بۆ ئەم پرسیارە ئیشێکی دژوارە. بەڵگەکانی ئەم ساڵانە پیشان دەدەن کە پەکەکە سەری لێشێواوە. ئەم گرووپە لەساڵی 2014 و دۆخێکدا کە دانوستاندنی ئاشتی لەنێوان دەوڵەت و نوێنەرانی کورد دەکرا، لەهەندێک لە شارە کوردنشینەکانی تورکیا چاڵی هەڵکەنی و گەنجان چەکدار کرد و شەڕێکی بۆ دامەزراندنی ناوچەی خۆسەر دەستپێکرد و بۆیە دانوستاندن شێوا و جارێکی دیکە شەڕ گۆڕی گرتەوەە.
چونکە ئەردۆغانیش نەتیوانی بە تەنیایی دەوڵەت پێک بێنێت ناچار بوو لە گەڵ توندئاژۆترین سەرۆکی ڕەوتی ڕاستی توندڕەو واتە باخچەلی ببێتە هاوپیمان و دەوڵەت پێک بێنێت.
لە پەرلمانیش دا هەدەپە وێڕای ئەوەی کە 60 سەندلی واتە یەک لەسەر دەی سەندلەییەکانی هەبوو بە تۆمەتی پاڵپشتی لە تێرۆر و گوێ دان بە فەرمانەکانی سەرکردەکانی پەکەکە لە قەندیل، بەکردار گۆشەگیر کرا. شەڕی تورکیا و پەکەکە نەتەنیا لە باکووری ئێراق بەڵکوو بەرەو سوریاش گوازرایەوە و هێشتاش درێژەی هەیە.
بە پێی ڕاپۆرتە بڵاو کراوەکان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی تورکیاوە، لەم چەند ساڵەی دوایدا، تەڤلی بوونی ئەندامی نوێ بۆ ناو پەکەکە گەیشتۆتە سفر و ئاستی کوژران و هەڵاتن و خۆڕادەستکردن زۆری کردووە. دەوڵەت گەیشتە ئەم ئەنجامەی کە پێویست بە دانوستاندن نییە و دەبێت شەڕ درێژەی هەبێت.
کاتێک بۆ ئازاردانی خەڵکی سڤیل
هێرشە ئاسمانی و تۆپخانەییەکانی تورکیا لە باکووری ئێڕاق و سوریا ژیانی بۆ خەڵکی سنوورنشین دژوار کردووە، زۆر جار گوندنشیان کوژراو و یا بریندار بوون.
تورکیا لە هێرش کردن بۆ سەر بنکەکانی پەکەکە لەئێراق و سوریا، هیچ کات گوێ بە سەروەری و دەسەڵاتی نەتەوەیی ئەو دوو وڵاتە نەداوە، ڕێزی لێ نەگرتوون و بەردەوام و هەرکەی ویستوویە هێرشی کردووە. بەڵام لەهەمان کاتدا ناتکرێت ئەم ڕاستییەش لەبیر بکرێت کە جووڵەی شەڕخوازانەی پەکەکە و هێرشی کوێرکوێرانە و بێ ئامانجی هەم لە دەمیشق و هەمیش لە بەغا و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و هەمیش خەڵکی گوندنشینی لە مەرج و دۆخێکی دژواردا هێشتووتەوە.
هاتۆچووی پەکەکە لەو ناوچانە، بیانووی داوەتە دەست تورکیا و بەڵگەکان پیشان دەدەن کە ئەم خولە بەتاڵە، خەڵکی سڤیل و گوندشینانی بە شیمانەی زۆر، زۆرترین زیانیان بەر دەکەوێت.
لەکۆتایدا دەبێت بگوترێت دەوڵەتی ئەردۆغان لە پێناو خاڵ بەدەست خستن لەناتۆ و دوو وڵاتی ئەوروپی سوید و فەنلاند، نە تەنیا لە ئەورووپا ئیش و چالاکی بۆ پەکەکە دژوار کردووتەوە بەڵکوو لە ئێراق و سوریاش هێرشەکانی زیادیان کردووە و هەمووی ئەمانە لەکاتێکدایە کە باڵی سەربازی پەکەکە توانای کەمی هەیە و بە کردار شکستی خواردووە. بەڵام درێژە هێرشە ئاسمانی و وشکانییەکان، جارێکی دیکە ناوچەکە بەرەو نائارامی و توندوتیژی هان دەدات.