ساڵانێکە وشەی وەک هەژاری، زیانی کۆمەڵایەتی، دزی و…. دەناسێین ، بەدڵنیاییەوە لەبارەی کاریگەریەکانی لەسەر ژیانی خەڵک دەزانین.
لەم دەیەی دوایەدا خوێندنەوەی زۆر لەبارەی ئەوەی کە چۆن ڕامیاری و دەزگا جیاوازەکانی دەوڵەتی دەبنی هۆی هەژاری، ئەنجام دراوە.
بۆ هەژارترین و زیان بەرکەوتووترین توێژ، شێوەی کرداری دەوڵەت جیاوازییەکی قووڵی لە ژیانیان پێک دێنێت.
نەبوونی توانای دەزگاکانی دەوڵەتی لەمەڕ پێشگرتن لە ناسەقامگیری ئابووری، نەبوونی ئاسایشی سەرەتایی یا خزمەتگوزاری سەرەتایی کۆمەڵایەتی دەتوانێت دەرئەنجامی زیانباری بۆ هاوڵاتیانی بەتایبەت ئەوانەی کە هەژارن لە کۆمەڵگادا هەبێت.
چۆن ڕامیاری کاریگەری لەسەر هەژاری دەکات
ناسەقامگیری ئابووری لەلایەک و نەبوونی بەڕێوەبەرایەتی ڕاست و دروست لە لایەن بڕیاردەرە سەرەکییەکان بەمەبەستی سەقامگیری دادی کۆمەڵایەتی و پەرەسەندووی یەکسان لە وڵات کە پێکهاتووە لە کەمینە و نەتەوە و نەژادە جیاوازەکان لەلایەکی دیکە، بۆتە هۆی ئەوەی کە نایەکسانی ئابووری، ڕامیاری و کۆمەڵایەتی بێتە کایەوە و ئەمەش بۆتە هۆی هاتنە کایەی سووڕانێکی ناتەواو کە بۆتە هۆی هەژاری زۆرتر.
زۆرتر و لە زۆر حاڵەت دا هەژارەکان پەراوێز دەخرێن و دەنگیان نابیسترێت لەکاتێکدا کە ئەوان زۆرتر لە هەر گرووپێکی دیکە پێویستیان بە خزمەتگوزاریە گشتییەکان هەیە.
کاتێک هاوڵاتیانی هەژار لە چاکسازی دابینکردنی خزمەتگوزاری بەشدار بن، ئەم خزمەتە بۆ ئەوان باشترە و قازانجی زۆرترە. ناسەقامگیری ڕامیاری، دەسەڵاتداری لاواز و گەندەڵی، دیاردەیەکە کە کاریگەری لەسەر هەژاری نە تەنیا لە ئێران بەڵکوو لە هەموو جیهان دا هەیە.
دەکرێت بە کام گرووپ بگوترێت هەژار؟
لە پێناسەی کۆمەڵایەتیی دا کەسێک کە ئەوەندەی پێویست یا پەژاروی کۆمەڵایەتی پارە و دارایی مادی نەبوێت، دەگوترێت هەژار.
هەژاری کاتێک ڕوو دەدات کە خەڵک کەرەستەی دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خۆیانیان نەبن.
لەمبارەوە، ناسینەوەی کەسانی هەژار سەرەتا پێویستی بەدەستنیشان کردنی نیازە سەرەکییەکانە و لەوانەیە سنوردار لەژێر ناوی “ئەوانەی کە پێویستی ژیانە” یا بەربڵاوتر وەک “ئەوانەی کە ڕەنگدانەوەی ستانداردەکانی ژیانی باو لە کۆمەڵگادا”دان، پێناسە بکرێن.
پیوانی یەکەم بەس ئەو کەسانەن کە نێزیکی سنووری برسێتی یا مردنن، لەخۆ دەگرێت. بەڵام لە پێوانی دووەم دا ئەم بابەتە بریتییە لەو کەسانە کە خۆراک، ماڵ و جل وبەرگیان، هەرچەندە بۆ پاراستنی ژیان بەس بێت، بەڵام لەچاو گشتی حەشیمەتی وڵات یەکسان نین بۆیە ئەم کۆمەڵگا لەم قۆناخەدا تووشی درزی کۆمەڵایەتی دەبێتەوە و دابەش دەکرێت بەسەر دوو چینی هەژار و دەوڵەمەند دا و ئەم درزە لەسەر بنەمای بڕیارێک دێتە ئاراوە کە دەسەڵاتداران دەیدەن و ئەمە دەتوانێت توند یا لاواز بێت.
هەرچەندە هەژاری دیاردەیەکی بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی هەیە، بەڵام گرنگایەتییەکەی بەدرێژایی کات گۆڕدراوە، هەندێک لە بیرمەندانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان پێیان وایە کە ستانداردی ژیانی باش بۆ کەسێک، لەژێر کاریگەری زۆری پیوانەکانی خەرج کردنی هاوتەمەنیانییەتی، بۆیە، چاوەڕێ دەکرێت ژیانی گونجاو بۆ کەسێک لەگەڵ گۆڕانی داهاتی دا بگۆڕدرێت.
کاریگەرییەکانی هەژاری لەسەر کۆمەڵگا
سووڕانی ناتەواوی چەرخی هەژاری بەم واتایەیە کە ئاستەنگ و کێشە هەتاهەتاییەکان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە دەگوازرێتەوە، بێ ئیشی و داهاتی کەم، دەبێت هۆی پێکهاتنی ژینگەیەک کە منداڵەکان ناتوانن تێدا بڕۆنە قوتابخانە و ئەم منداڵانە زۆرتر دەبێت بۆ دابینکردنی داهاتی ماڵباتی خۆیان ئیش بکەن و بۆیە دیاردەی منداڵانی ئیش سەرهەڵدەدات و ئەمە لەسێبەری هەژاری کۆمەڵایەتی دایە کە بۆ خۆی ئالنگارێکی بەرچاوە کە لەئێستادا دا زۆربەی پارێزگاکانی وڵاتی گرتووتەوە.
لەئەنجال دا دەبێت بگوترێت، هەژاری هۆکاری سەرەکی ناکۆکی کۆمەڵایەتییە و بە هۆی نایەکسانی داهات، دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر نەتەوەیەک.
ئەمە کاتێک ڕوو دەدات کە سەروەت و سامانی وڵاتێک لە نێوان هاوڵاتیانی دا بە کزی دابەش بکرێت – کاتێک کەمینەیەکی بچووک زۆربەی پارە و دەسەڵاتی هەبێت و پشکی هەندێکی دیکە بەس ئەوەیە کە ناتوانێت بژیوی ژیانی ڕۆژانەی دابین بکات.
وڵاتە دەوڵەمەندەکان یا پەرەسەندووکان بە هۆی بوونی چینی مام ناوەندی، سەقامگیری خۆیان دەپارێزن، لەگەڵ ئەمەش، تەنانەت وڵاتە ڕۆژئاواییەکانیش لەگەڵ دۆخی قەیرانی ئابووری کە لەم دوو دەیەیەدا سەری هەڵداوە، وردە وردە خەریکە چینی مام ناوەندیان لەناو دەچێت و لە ئەنجام دا ژمارەی شۆڕشەکان، پێکدادانەکان، ئاژاوەکان و ناسەقامگیرییە ڕامیاری و کۆمەڵایەتییەکان لە کۆمەڵگا جیاوازەکان و هەروەها لە ئێران دا، ڕوو لە هەڵکشانە.
بۆ کۆمەڵگا، هەژاری هۆکارێکی زۆر مەترسیدارە کە دەتوانێت سەقامگیری هەموو وڵات بڕوێنێتەوە. بەهاری عەرەبی نموونەیەکی باشە لە چۆنییەتی دەستپێکردنی شۆڕشەکان بە هۆی دەرفەتی ئیشی کەم و ئاستی بەرزی هەژاری.
هەژاری و کاریگەرییەکان لەسەر ژیانی منداڵان
منداڵەکان ئەو کەسانەنە کە کەمترین مافی هەڵبژاردن و توانای گۆڕینی دۆخەکەیان هەیە. بە پێی ئامارەکانی یونیسێف، کە ساڵانە لەبارەی دۆخی منداڵانەوە بڵاو دەبێتەوە، ژمارەی منداڵە زیان بەرکەوتووەکانی هەژاری لە دەیەی 1960 ەوە لەهەڵکشان دایە و ئەوڕۆکە نێزیکی 356 ملیۆن منداڵ لەهەژاری تۆخ دا دەژین{1}
بە پێی ئەم ئامارانە لە هەموو جیهان دا، ئەو منداڵانەی کە لە دۆخی هەژاری دا لەدایکبوون دوو هێندە زیاترە لە هاوتەمەنە دەوڵەمەندەکانیان ڕووبەڕووی مردن لە سەردەمی منداڵی دا دەبنەوە ئەمە تەنانەت لە وڵاتە دەوڵەمەندەکانیش ڕوو دەدات.
ئەم ڕاپۆرتە هەروەها پیشان دەدات کە لە هەر حەوت منداڵ یەکیان هێشتا لە هەژاری دا دەژیت و ئەوڕۆکە لە هەر چوار منداڵ لە ئەورووپا دا یەک منداڵ لە هەژاری دایە.
گرنگ نییە منداڵەکان لەکوێی جیهان دا بن، ئەو منداڵانی بە هەژاری گەورە دەبن، ئازار دەبینن لە ستانداردە کزەکان، لێهاتوویی کەمتریان بۆ دەسپێکردنی ئیش و کار هەیە و لە گەورەیی دا مووچەیەکی کەمتر وەردەگرن.
بەرکەوتەکانی هەژاری و توندوتیژی
ئامارە فەرمییەکان (لەوانەی دەیتای ئاماری بڵاو کراو لەلایەن ڕێکخراوی دابین کردنی کۆمەڵایەتی) پیشان دەدات کە لانی کەم نێزیکی 30 لەسەد لە خەڵکی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاری ڕەها دا دەژین.
هێڵی هەژاری ڕەها بە پێی پێناسە جیهانییەکان، بەرانبەری مانگانە 57 دۆلار (1.9 دۆلار لە ڕۆژێکدا کەڕەتی 30 ڕۆژی مانگ)ە. بە دۆلاری 30 هەزار تمەنەی، واتە هەر کەسێکی ئێرانی داهاتی مانگانەی یەک ملیۆن و حەفسەد هەزار تمەنە، ئەمە لەخوارەوەی هێڵی هەژاریە لە کیشوەری ئەفریقیا.
بە پێی ئامارەکانی سندوقی نێودەوڵەتی دراو، ئاستی هەڵاوسان لە ئێران ئەمساڵیش 40 لەسەد دەبێت کە بەرزترین ژمارەیە لەجیهان دا لەدوای وڵاتانی ڤێنۆزوێلا، سوودان، زیمبابووە، تورکیا و ئارژانتین.
هەژاری لە ڕێگای دۆخێکی چەرمەسەری و بێ هیوایی کە خەڵک دەبەستێتەوە بە ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان و بەرەو لای ئەوان هانیان دەدات و پەرە بە توندوتیژی و توندڕەوی و تێرۆریزم دەدات.
ڕاستییەکە ئەمەیە کە کاریگەری هەژاری لەسەر تێرۆریزم وەک ئەوەی ئێمە بیری لێدەکەینەوە، سادە نییە. بەدواداچوونەکان پیشان دەدەن کە ئەو وڵاتانەی کە دەوڵەتی لاواز، دەزگای لاواز و مافی سڤیلی بە سنوور، ژینگەیەکی گونجاو بۆ ڕاهێنانی چالاکییە تێرۆیستییەکانە و زۆرترین منداڵی سەرباز لەم وڵاتانەدان. بۆ منداڵە سەربازەکان، دەرفەتی ئابووری و دارایی تاکەکەسی یا ماڵباتی وەک هۆکارێکی پتەو بۆ تەڤلی بوون لەناو گرووپە تێرۆیستییەکان لە پلەی یەکەمدایە. کاتێک کە ئاسایشی کۆمەڵایەتی، نەبوونی ژینگەی گونجاوی پەروەردە و تەندرووستی و … بگاتە ئاستێک کە هیوا و خواست بۆ داهاتوو بگاتە نزمترین ئاستی خۆی، خۆڕاگری لەبەرانبەر بەڵێنە هەڵخەڵەتێنەرەکانی تێرۆریستان، زۆر ئەستەمە.
گەر چاوێک بە ژیانی سەرباز منداڵێک وەک چیا یوسفی، جابر مەولوودی و ئەبووبەکرد محەمەدی دا بخشکێنین کە هەر سێیان بوونە قوربانی تاوانی گرووپ و پارتە دژبەرەکان، دەکرێت بە ئاسانی فاکتەرێکی هاوبەش لە ژیانیان دا ببینیتەوە کە بۆتە هۆی ئەوەی ببنە منداڵی سەرباز و لە کەمپەکان لەنێو دارستان دا بن کە ئەوەش بەس هەژاریە.
سەرەتا کە چاو لەژیانی ئەو سێ کەسە دەکەین دەبینین کە ئەم منداڵە سەربازانە گەر ڕوانگەیەکی ئەرێنیان بۆ داهاتووی خۆیان هەبا، لەوانەیە وەها کردارێکی بێ گەڕانەوەیان ئەنجام نەدەدا.
نەبوونی پەرەسەندوویی دادوەرانە وەک پەرەسەندوویی ئابووری، کۆمەڵایەتی، پەروەردە و تەندرووستی لەو ناوچانەی کە ئەم منداڵە سەربازانە بۆ هەبوونی ژیانێکی باشتر بە جێیان هێشت، زەمینەی ئەمەی ڕەخساندووە کە ڕووبەڕووی زەنگی مەترسی ببینەوە کە ئەم منداڵانە ناتوانن دوائین منداڵ بن کە وەها چارەنووسێک چاوەڕوانیان دەکات.
[۱] https://www.unicef.org/social-policy/child-poverty