مافی منداڵان

  • ۱ ساڵ پێش

مافی منداڵان: قەدەخەی بەکارهێنانی منداڵان وەک سەرباز لە دوژمنایەتی چەکداری دا.

منداڵ وەک زیان بەرکەوتووترین ئەندامی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، هەم لە بواری کرداری و هەم لە بواری تیوری – مافناسی دا، پێویستی بە پاڵپشتی ڕژد لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە هەیە؛ چونکە تاوانە زۆرەکان کە لەدژی ئەم بەشە لە کۆمەڵگا لەلایەن گرووپە جیاوازەکانەوە کراوە و دەکرێت. پەرەدان بە مافی منداڵانیش بە ئارمانجی پشتیوانی لە مافیان و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم کردارانەدایە کە گیان و تەندروستی جەستەیی و دەروونیان دەخاتە مەترسی و بەر هەڕەشەوە.

منداڵان، وەک کەسانی دیکەی کۆمەڵگا، مافیان هەیە کە ڕێز لە کەرامەتی مرۆڤایەتییان بگیردرێت و کۆمەڵێک لە مافی سڤیل و ڕامیاری و مافی ئابوری، کۆمەڵایەتی و چاندی بە فەرمی بۆیان بناسرێت. یەک لە بەرچاوترین و سەرەکیترین مافەکانی منداڵان کە هێشتا ڕووبەڕووی هەڕەشەی ڕژدە لەلاین گرووپە چەکدارە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکان، بەکارهێنانیانە وەک سەرباز لە هێزە سەربازی و چەکدارییەکان دا. ئەم پرسە، گرنگایەتییەکی زۆری لەبواری مافناسی و ئاسایشەوە هەیە. بەم هۆیەوە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەڕێگای دانانی “نوێنەری تایبەت لەبواری منداڵان و پێکدادانە چەکدارییەکان” [1] لەساڵی 1996، بە فەرمی باسی بوونی منداڵانی لە شەڕە چەکداری ناوخۆیی و ناودەوڵەتی خستە بەر باس و هەروەها شەش سەرپێچی قورسی کە ژمارەیەک زۆر لەمنداڵان لە کاتی شەڕدا دەخاتە ژێر باندۆری خۆی، ناسی و ئیدانەی کرد و داوای لە سکێرتێری گشتی کرد تا ڕاپۆرتێک لەمبارەوە بخاتە ڕوو.

لەساڵی 2005، ئەنجوومەنی ئاسایش مکانیسمێکی چاودێری و ڕاپۆرت دائین [2]ی دانا تا بە شێوەی ڕێک و پێک چاودێری، بەبەڵگە کردن و ڕاپۆرت دائین لەبارەی سەرپێچییەکان لەدژی منداڵان ئەنجام بدرێت. بە پێی ئەم زانیاریانە، سکێرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی دا لەبارەی منداڵان و پێکدادانە چەکداریەکان، لایەنەکانی پێکدادان کە ئیشی دامەزراندن، کوشتن و ئازاری منداڵان، دەسدرێژی توندوتیژی ڕەگەزی، ڕفاندنی منداڵان و هێرش بۆ سەر قوتابخانە و نەخۆشخانەکان، دەکاتە ئەجێندای خوی بۆ ئەوەی بیانسێنێت و ئەمە بەمەبەستی کۆتایی هێنانە بەو سەرپێچیانە.

شەش سەرپێچی ڕژد وەک بنەمایەک بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و ڕاپۆرتی ئەو سەرپێچیانەی کە کاریگەری لەسەر منداڵان هەیە، بریتین لە:

دامەزراندن یا بەکارهێنانی منداڵان وەک سەرباز

ڕفاندنی منداڵان

کوشتن و لێدانی منداڵان

توندوتیژی ڕەگەزی لەدژی منداڵان

هێرش بۆ سەر قوتابخانە یا نەخۆشخانەکان

پێشگرتن لە دەسپێڕاگەیشتنی منداڵان بە یارمەتییە مرۆڤییەکان

لەم دەقە کورتەدا، ئاماژە بە بەکارهێنانی یا دامەزراندنی مندالان وەک سەرباز دەکەین.

نوێنەری تایبەتی سکێرتێری گشتی لەبارەی منداڵان و پێکدادانە چەکداریەکان [3]

ئەرک و بەرپرسیارتی نوێنەری تایبەتی سکێرتێری گشتی لەبواری منداڵان و پێکدادانە چەکداریەکان لەلایەن بڕیارنامەی کۆمەڵەی گشتی [4] لەساڵی 1996 و بە بۆنەی بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێک لەلایەن گراچا ماچل [4] [وەزیری پێشووی موزامبیک] ەوە، لەژێر ناوی “کاریگەری پێکدادانی چەکداری لەسەر منداڵان” [6] دەستی پێکرد. ڕاپۆرتەکەی کاریگەری ناگونجاوی شەڕ لەسەر منداڵان دەخاتە ڕوو و وەک قوربانیانی سەرەکی پێکدادانە چەکدارییەکان دەیاناسێنێت. دەوری نوێنەری تایبەتی سکێرتێری گشتی لەمبارەوە، بەهێزکردنی پاڵپشتی لەمنداڵانی زیان بەرکەوتوو لە پێکدادانە چەکداریەکان، بەرزکردنەوەی ئاستی زانیاری، کۆکردنەوەی زانیاری لەبارەی دۆخی نالەباری منداڵانی زیان بەرکەوتووی شەڕ و بەهێزکردنی هاوکاری نێودەوڵەتی بەمەبەستی باشترکردن و هەڵکشانی پشتیوانی کردنیانە. نوێنەری تایبەت سالانە ڕاپۆرتێک ڕادەستی کۆمەڵەی گشتی و ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ دەکات و ئالنگاریەکانی سەر ڕێگای منداڵان لە شەڕ دا، لەگەڵ دەزگا ڕامیاریەکان وەک ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەها دەوڵەتە پەیوەندیدارەکان، بەمەبەستی پاراستنی هەستی خێرا لەنێوان بڕیاردەرەکان دا، دەخاتە بەر باس. [7] . ئێستاش بەرپرسیارتی و ئەرکی نوێنەری تایبەت لەگەڵ کۆتا بڕیارنامەی دەرکراوە [8] کە لە 16 سێپتەمبەری 2021 پەسەند کرا، بۆ ماوەی چوار ساڵی دیکە پەسەند کراوەتەوە.

منداڵ کێێە؟

لەبواری مافناسییەوە، لەساڵی 2000 پرۆتکۆلی خۆبەخشانە گەیشتە کنوانسیۆنی مافی منداڵان لەبارەی بەشداری کردنیان لە پێکدادانە چەکداریەکان و لەوێ لەلایەن کۆمەڵەی گشتییەوە پەسەند کرا و لەساڵی 2002ەوە کەوتە بواری جێبەجێ کردن. بە پێی ئەم پرۆتکۆلە، پێشگرتن لە بەشداری کردن لە پێکدادانە چەکداریەکان لە 15 ساڵییەوە بۆ 18 ساڵی درێژ کرایەوە و دەوڵەتەکان ئەرکدار کران تا لەمبارەوە هەڵوێستی پێویست بنوێنن و ڕێکارە پێویستەکان بگرنە پێش بۆ ئەوەی منداڵان نەکەونە نێو پێکدادانی چەکدارییەوە. لەبارەی تەمەنی پێویست بۆ ئەوەی کە تێکەونە نێو پێکدادانەکانەوە دەبێت بگوترێت کە کنوانسیۆنی مافی پاڵپشتی لەمنداڵان ئەم تەمەنەی بۆ بەشداری کردن لە شەڕ دا 15 ساڵ داناوە. بەڵام پرتۆکۆلی خۆبەخشانە، ئەم تەمەنەی کردە 18 ساڵ. دامەزراندن و بەکارهێنانی منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی، وەک سەرباز بە پێی یاسا مرۆڤ دۆستانەکانی نێودەوڵەتی و پەیمان و بەڵێننامەکان، قەدەخەیە و لەلایەن دیوانی سزادانی نێودەوڵەتی وەک تاوانی شەڕ پێناسە کراوە. خاڵی سەرنج ڕاکێش لەمبارەوە ئەوەیە کە تەنانەت سکێرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لانی کەمی مەرجی تەمەنی بۆ سەربازانی بەشدار بوو لە ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکان بەمەبەستی پاراستنی ئاشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەبەر چاو گرتووە و داوای لە وڵاتەکان کردووە تا ئەو سەربازانەی کە زیاتر لە 21 ساڵ تەمەنیان هەیە، بەشداری چالاکی نەتەوەیی بکات [9]. هەروەها شایانی باسە کە بە پێی کنوانسیۆنی “خراپتری کێشەی ئیشی منداڵ” [10] کە لەلایەن ڕێکخراوەی نێودەوڵەتی ئیش   (ILO)لەساڵی 1999 پەسەند کرا، دامەزراندنی منداڵان وەک سەرباز یەکێکە لە خراپترین شێوازەکانی ئیش کردن.

ئامارەکان چ دەڵێن؟

هەزاران منداڵ لە هەموو جیهان دا بەشداری دەدرێن لە پێکدادانە چەکدارییەکان دا. لەنێوان ساڵانی 2005 تا 2020، زیاتر لە 93000 منداڵ لەلایەن لایەنەکانی شەڕەوە، بەکار هێنراون؛ هەرچەند ژمارەی ڕاستەقینە زۆر زیاترە لەمانە. ئەم کۆڕ و کچانە کە زۆربەیان وەک سەربازی منداڵ دەناسرێن، لە شێوازە بەربڵاوەکانی بەکارهێنان و هەڵسوکەوتی ناگونجاوە کە بەگشتی بەم دەستەواژەیە، ناکرێت لێ تێگەیشتنێکی لێ بەدی بێت. لایەنەکانی شەڕ لەمنداڵان نە تەنیا وەک شەڕڤان، بەڵکوو وەک پێشەنگ، ئاشلێنەر، باربەر، پاسەوان، پۆستەچی و … کەڵک وەردەگرن. بەتایبەت کچان کە ڕووبەڕووی توندوتیژی ڕەگەزیش دەبنەوە.

لەبنکەکانی گرووپە چەکدارەکان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان، منداڵانی سەرباز هەرشەی بێگاری و توندوتیژی جەستەیی و ڕەگەزیان لەسەرە. پێیان دەگوترێت کە گەر هەڵبێن ئەوە خۆیان و ماڵباتەکەیان زیانیان بەر دەکەوێت. بۆیە، منداڵەکان هەندێک جار بەساڵان لەنێو ئەم گرووپانەدا دەمێننەوە. لەنێوان منداڵان دا، دەوری کچان جیاوازە، چونکە زۆرتر بۆ بوون بە هاوسەری شەرڤانانی پیاو یا بەکارهێنانیان وەک کوێلەی ڕەگەزی دەرفێندرێن. [11]. ئەمانە بەدیلی ڕادەگرن و هەر ڕۆژ ئازاریان دەدەن. زۆرجار ناچار دەکرێن بۆ ئەندامانی گەورەتری ئەو ڕێکخراوانەی کە ڕفاندووین، منداڵیان هەبێت و دووگیان بن. وەک کەرەستە لەگەڵ کچان هەڵسوکەوت دەکرێت و بەردەوام هەڵاواردنی ڕەگەزیان لەبەرانبەر دەکرێت. لەگەڵ ئەمەش، جیا لە دەور و ڕەگەز، هەموو منداڵانی سەرباز بێ بەشن لە مافی گەورە بوون لە ژینگەیەکی تەندرووست دا. ڕەنجیان و ئاستی پێشلکاری مافە سەرەکییەکانیان، وێنا نەکراوە و هیچ منداڵێک نابێت لەوەها دۆخێک دا بێت [12].

بۆ منداڵە سەربازەکان؟

منداڵە سەربازەکان بە هۆکاری جیاواز، بەشێک لە هێز یا گرووپە چەکداریەکانن. هەندێکیان لەلایەن یاریزانانی چەکدار دەرفێندرێن. هەندێکی دیکەیان بە هۆی نەداری و هەژارییەوە ناچار دەبن چەک بەدەستەوە بگرن. چونکە ناچارن داهات بۆ ماڵبات دابین بکەن. هەندێکیان ماندوو بوون لە ژیان کردن لەناوچە شەڕاویەکان دا، وادەزانن کە پێویستە تەڤلی گرووپێکی چەکدار بن تا پارێزراو بن و ئاسایشیان دابین کراو بێت و لەئەنجام دا، هەندێکیش بۆ درێژەدان و مانەوە و پاراستن لە کۆمەڵگاکەیان (لەبەرانبەر هێرشی گرووپە چەکدارە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکان)ەوە دەبێت بکەونە نێو شەڕەوە [13]. لەڕاستی دا، کۆمەڵێک هۆکاری گوشار (هەڕەشەی جۆراوجۆر) و ڕاکێشان (ورووژێنەرە جۆراوجۆرەکان) بوونەتە هۆی ئەوەی تا منداڵان تەڤلی ئەم گرووپە چەکداریانە بن [14].

لەو وڵاتانەی کە جێبەجێکردنی یاسا، کز، دۆخی ڕامیاری ناجێگیر و هێزی دەوڵەتی ناوەندی کەمە، منداڵەکان لەبەرانبەر دامەزراندنی زۆرەملێ وەک هێزی چەکدا، زۆرتر ڕووبەڕووی زیان دەبنە. زۆربەی منداڵە سەربازەکان لەلایەن گرووپە توندڕەوە نادەوڵەتییەکانەوە دادەمەزرێن. ئەمەش دەوری دەوڵەتەکان و هاوکاری نێودەوڵەتییەکانی بۆ لەناوچوونی ئەم دیاردە، زەق دەکاتەوە. لەڕاستی دا، دەوڵەتەکان لەم بوارەدا دەوری سەرەکی دەگێڕن. بەمجۆرە و لەکۆتایی ئەم دەقە کورتە دا دەتوانین بڵێین کە نابێت منداڵەکان لە شەڕە چەکداریە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان دا هەبن؛ ئەوانەی ئەم تاوانە ئەنجام دەدەنیش، دەکرێت لە دیوانی سزادان، داداگایی بکرێن و ئەمەش پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە پێداگری دەوڵەتەکانەوە هەیە.

 

[۱] . Special Representative for Children and Armed Conflict

[۲]. Monitoring and Reporting Mechanism

[۳]. Special Representative of the Secretary-General for Children and Armed Conflict (SRSG/CAAC)

[۴]. A/RES/51/77

[۵]. Graça Machel

[۶]. ۱۹۹۶ – Graça Machel Report, ‘’The Impact of Armed Conflict on Children’’

[۷]. https://childrenandarmedconflict.un.org/about/

[۸]. A/RES/72/245

[۹]. https://ihl-databases.icrc.org/en/customary-ihl/v1/rule136

[۱۰]. Worst Forms of Child Labour Convention, 1999

[۱۱]. https://www.warchild.org.uk/news/why-do-children-become-child-soldiers

[۱۲]. https://stopchildlabor.org/ending-the-recruitment-and-use-of-child-soldiers/

[۱۳]. https://www.unicef.org/protection/children-recruited-by-armed-forces

[۱۴]. https://www.warchild.org.uk/news/why-do-children-become-child-soldiers

حقوق کودکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

کوردی

نوێترین ناوەڕۆک