تۆمەتبارکردنی جینۆساید دژی ژنی سویدی بە کۆیلەکردنی ئێزیدییەکان

  • ۶ ڕۆژ پێش

ژنێکی سویدی تەمەن ٥٢ ساڵ بە تۆمەتی جینۆساید تۆمەتبار کرا بەهۆی ئەوەی لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٦ لە سوریا ژن و منداڵی ئێزیدی وەک کۆیلە هێشتەوە، ئەمەش یەکەم حاڵەتی لەو جۆرەیە لە سوید.

داواکاری گشتی سوید ڕایانگەیاند کە هێشتنەوەی ژن و منداڵی ئێزیدی وەک کۆیلە، هاوبەشی جینۆسایدی داعشە لە دژی ئەم کەمینەیە. دەسەڵاتدارانی سوید ژنێکی تەمەن ٥٢ ساڵیان بە جینۆساید، تاوانی دژە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگی بەربڵاو تۆمەتبار کردووە، بەهۆی ئەوەی لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٦ ژن و منداڵانی ئێزیدی وەک کۆیلە لە سوریادا گرتووە. ئەم دۆسیەیە یەکەم دادگاییکردنی سویدە کە پەیوەندی بە تاوانەکانی داعشەوە هەیە لە دژی کەمینەی ئێزیدی. سەرۆکی داواکاری گشتی سوید، ڕینا دەڤگون، بنەمای ئەو تۆمەتانەی بەم شێوەیە ڕوونکردەوە: ئەگەر تۆ وەک ئەندامی داعش یان هاوسەری ئەندامێکی داعش، ئێزیدییەکان بهێنیتە ناو ماڵەکەتەوە و بەم شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵ بکەیت؛ بەهۆی بەشداریکردنت لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئەوان سزا دەدرێیت.

تۆمەتبار هاوڵاتی سویدییە؛ لە ئێستادا سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە بەهۆی ئەوەی ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر بەکارهێنانی کوڕە 12 ساڵانەکەی وەک “منداڵێکی سەرباز” بۆ داعش. لە کاتی لێپرسینەوەدا کەسێک کە شایەتحاڵی ڕاگرتنی کۆیلەکانی بوو لە ڕەقە ڕاپۆرتەکانی خۆی دایە دەسەڵاتداران و ئەمەش بووە هۆی لێکۆڵینەوەی زیاتر. داواکارانی گشتی ڕایانگەیاندووە، ئەو ژنە نۆ کەسی لە ماڵەکەی خۆیدا بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ تا ٧ مانگ وەک کۆیلە گرتووە کە سێ ژن و شەش منداڵیان تێدایە. بەپێی زانیارییەکان، قوربانییەکان بە ناچاری کاروباری ناوماڵیان کردووە و بە مەبەستی فرۆشتنی وێنەکانیان گیراون. دادگاییکردنەکە لە ٧ی ئۆکتۆبەر دەستپێدەکات و پێدەچێت دوو مانگ بخایەنێت. ئەگەر ئەم ژنە تاوانبار بێت؛ دەکرێت لە سوید سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا بسەپێندرێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە تۆمەتبار هەموو تۆمەتەکانی ڕەتکردووەتەوە. دۆسیەکە بەشێکە لە هەوڵێکی فراوانتر بۆ چارەسەرکردنی تاوانەکانی داعش دژی کەمینەی ئێزیدی. لە ساڵی 2014 چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر ئێزدییەکان لە دەڤەری شنگال و ژن و منداڵیان ڕفاند. ژنانیان ناچار کرد بە کۆیلەی سێکسی و کوڕانیان ناچار کرد بیرکردنەوەی جیهادی قبوڵ بکەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

کوردی

نوێترین ناوەڕۆک