دەباغ: هەرێمی کوردستانی عێراق سوودمەند دەبێت لە دەستکەوتەکانی گەشتی پزیشکیان

  • ۳ ڕۆژ پێش

چاوپێکەوتنێکی تایبەتی پەیامنێری چاودێری مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران لەگەڵ نازم دەباغ نوێنەری هەرێمی کوردستانی عێراق لە ئێران.

نوێنەری هەرێمی کوردستانی عێراق لە ئێران وتی: بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هەرێمی کوردستان ژێردەستەی دەستووری عێراقە، بۆیە ئەم هەرێمەش پشک و ڕۆڵی خۆی هەیە لە بابەتەکانی پەیوەست بە سیاسەتی دەرەوەی وڵات، و دەستکەوتەکانی ئەو سەفەرە و پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران سوودی دەبێت.

نازم دەباغ، نوێنەری هەرێمی کوردستانی عێراق لە ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پەیامنێری ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران سەبارەت بە سەردانی ئەم دواییەی سەرۆک کۆماری ئێران، مەسعوود پزیشکیان، بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لەم بارەیەوە وڵات، ڕایگەیاندووە: بینیمان کە مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران لە سەفەرەکەیدا بۆ عێراق بە زمانی کوردی قسەی کرد، بەتایبەتی لە کاتی گەشتەکەیدا بۆ شارە کوردنشینەکانی عێراق، لەوانەش هەولێر و سلێمانی، کە دڵخۆشی بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە هێنایە ئاراوە.

بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەمە یەکەمجارە سەرۆکێک لە ئێرانەوە سەردانی هەرێمی کوردستانی عێراقی کردبێت، وتی: گەشتەکەی کاک پزیشکیان ڕەهەندێکی ستراتیژی نوێی هەیە، چونکە وتی نابێت سنوورێک لە نێوانماندا هەبێت و هەموومان براین.

دەباغ ڕوونی کردەوە: ئەوەی کە سەرۆک کۆماری ئێران ووتی پێویستە سنوورەکانی نێوان وڵاتانی ئیسلامی لاببرێت، خاڵێکە کە پێویستە لێی تێبگەین، دەبینیت کە ئەمڕۆ وڵاتانی ئەوروپاش ئەم کردەوەیەیان گرتووەتەبەر بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە ئابووری و کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان. نوێنەری هەرێمی کوردستانی عێراق لە ئێران ڕایگەیاند: لە بارودۆخی ئێستادا هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران گرنگییەکی تایبەتی هەیە. چونکە سنوورێکی جوگرافیای هاوبەشی درێژخایەن لە نێوان هەردوولادا هەیە. لە لایەکی تریشەوە مێژووی هاوکاری و کارلێککردنی لەگەڵ ئێران هەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد: هەر ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی سەردانەکەی کاک پزیشکیان بۆ گەلی کورد و عێراق زۆر گرنگە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ١٤ ڕێککەوتننامەی هاوکاری نێوان ئێران و عێراق لەلایەن بەرپرسانی هەردوولا لەم سەفەرەدا واژۆ کران.

دەباغ ڕاشیگەیاند: بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی هەرێمی کوردستان لقێکی دەستووری عێراقە، بۆیە لە بابەتە پەیوەندیدارەکان بە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەوە، ئەم هەرێمە پشک و ڕۆڵی خۆی هەیە و سوودمەند دەبێت لە دەستکەوتەکانی ئەو سەفەرە و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران . لە کۆتاییدا نوێنەری هەرێمی کوردستانی عێراق لە ئێران ئاماژەی بەوەدا: ئەمڕۆ کوردستانی عێراق هەموو هێز و توانای خۆی بۆ پتەوکردن و باشترکردنی ئاستی کارلێک و هاوکاری و پەیوەندی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لە چوارچێوەی دەستووری وڵاتدا کەڵک وەردەگرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

کوردی

نوێترین ناوەڕۆک