ئاوارەبوونی زیاتر لە یەک ملیۆن خەڵکی لوبنان بەهۆی ترس لە هێرشی سەربازی

  • ۴ ڕۆژ پێش

بەهۆی هێرشە ئاسمانییە بەردەوام و کوشندەکانی ئیسرائیلەوە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە سەرتاسەری لوبنان ئاوارەبوون.

بەپێی ڕاپۆرتی نوێی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) کە ڕۆژی دووشەممە ٩ی ئۆکتۆبەر بڵاوکرایەوە؛ لەماوەی دە ڕۆژی 17ی ئەیلول تا 28ی ئەیلولی 2024، 11 کارمەندی کەرتی پزیشکی و تەندروستی لوبنان کوژراون و 10 کەسیش برینداربوون. هەروەها لە کۆی گشتی ٣١٧ ناوەندی چارەسەری تەندروستی، ٣٧ بنکەی تەندروستی بەهۆی هێرشەکانەوە داخران و سێ نەخۆشخانەش چۆڵکراون. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، زۆرێک لە کارمەندانی چاودێری تەندروستی ئاوارە بوون، بەتایبەتی لە باشوور و بێکاع و باشووری بەیروت.

داواکاری مرۆڤدۆستانە

ستیفان دوجاریک، وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕادەبەدەر نیگەرانە لە لێکەوتە مرۆییەکانی بەردەوامبوونی شەڕ لە لوبنان. دوجاریک لە نیویۆرک بۆ ڕۆژنامەنووسان، داوای سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ کەمکردنەوەی گرژی و ئاگربەست و جێبەجێکردنی تەواوی بڕیارنامەی 1701ی ئەنجوومەنی ئاسایش دووپاتکردەوە. ئاماژەی بەوەشکرد: ئەمینداری گشتی و ستافە باڵاکانی لە پەیوەندیدان لەگەڵ نوێنەرەکانمان لە هەرێم. ئەم نوێنەرانە بەردەوامن لە کارلێککردن لەگەڵ هەموو لایەنەکان بە بەکارهێنانی میتۆدی دیپلۆماسی. ئەرکی هێزەکانی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیفیل) کە دەوریە دەدەن لە سنووری باشووری لوبنان و باکووری ئیسرائیل؛ هێشتا وەستاوە؛ بەڵام چڕی هێرشە سەربازییەکان ڕێگرییان لێدەکات لە ئەنجامدانی ئەرکەکانیان یان جوڵەکردن لە ناوچەی بەرپرسیارێتی خۆیان.

کۆچکردن بۆ سوریا

هاوکات بەگوێرەی ئاماری دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی 100 هەزار ئاوارە چوونەتە ناو سوریا. “فیلیپۆ گراندی”، کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە تویتێکدا لەگەڵ وێنەی سەدان کەس کە لە دەروازەی سنووری نێوان سوریا و لوبنان بەیەکەوە چەقێنراون؛ وتی: هێشتا کشانەوەکە بەردەوامە. گروندی ئاماژەی بەوەدا کە تیمەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە چوار خاڵی پەڕینەوە لە ناوخۆی سوریا ئامادەبوون بۆ پشتگیریکردنی ئەو کەسانەی کە تازە هاتوون. ئەم پێشهاتانە دوای پەرەسەندنی دوژمنایەتییەکانی نێوان سوپای ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان ڕوویاندا. لە لایەکی ترەوە هاوکاری مرۆیی لەلایەن دەزگای پەنابەران و کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) و دەزگاکانی تری نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پێشکەش دەکرێت، لەوانەش دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNRWA) کە تا ئێستا ٩ پەناگەی کردۆتەوە کە توانای وەرگرتنی سێ هەزار و ٣٥٠ کەسیان هەیە .

فادی ئەلتەیار، وتەبێژی UNRWA لە لوبنان ڕایگەیاند: UNRWA میوانداری پەنابەرانی فەلەستینی دەکات و یارمەتی پەنابەرانی لوبنانی و سووری و خەڵکی دیکەی کەمدەرامەت دەدات لەم پەناگانەدا لەسەر بنەمای بێلایەنی و جیاکاری نەکردن. نووسینگەی هەماهەنگی هاوکارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان (OCHA) ڕایگەیاندووە، لە هەفتەی ڕابردوودا 90%ی ئەو یەک ملیۆن ئاوارەیە ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووە. نووسینگەکە لە تویتێکدا ڕایگەیاندووە: لە ئێستادا بە هێرشە قورسەکانی ئیسرائیل و فەرمانی چۆڵکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی، ژمارەی ئاوارەکان ژمارەی ئاوارەکانی شەڕی ساڵی ٢٠٠٦ی تێپەڕاندووە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

کوردی

نوێترین ناوەڕۆک