ئەهرام ویکیلی نووسی: بۆ ماوەیەکی درێژ چاوەڕوان دەکرا کە ئەوەی لەبەغدا و بەسرو و هیلا و نەجەف و کەربەلا روودەدا لەئەنجامدا سلێمانی و هەولێریش بگرێتەوە و ئێستا ناڕازیەتییەکان هەرێمی کوردستانیشی گرتووتەوە و ئەمە رێفراندۆمێکە بۆ نرخاندنی چینی دەسەڵاتدار لەم ناوچەیە.
گۆڤاری ئەهرام ویکیلی مسر لەنووسراوێکدا لەبارەی ناڕزایەتییەکانی ئەم دوایەی کوردان لەهەرێمی کوردستان نووسی: ئەوەی ئێستا لەسلێمانی روودەدا جیاوازیەکی لەگەڵ ئەوەی لەبەغدا و نەسیریە و بەسرە و شارەکانی دیکەی ئێڕاق روودەدا نییە چوونکە هۆکار خۆپیشاندانەکان و ئەنجامەکانیان یەکێکە. هەموویان لە چینی دەسەڵاتدار ناڕازین.
ئەم گۆڤارە بە ئاماژە بە ناکۆکی چینایەتی لەهەرێمی کوردستان نووسی: راستە هەولێر و سلێمانی بەرواڵەت زۆر گۆڕاون و باڵەخانی بەرزی تێدا دروست کراوە و جادەی پان و رێستۆرانت و هۆتێلی لاکچێری تێدایە بەڵام خەڵکی ئاسایی بەشێکیان لەم پشکە نییە. ئەمانە بەس بۆ بەرپرسە فەرمی، رۆشنبیرران و ماڵباتەکانیان و بازنەی دەورووبەریانە. شار و گوندەکانی هەرێم هێشتا چاوەڕوانی پەرەسەندووین و وەک ساڵانی دوور هەر هەژارن.
ئەم هەفتەنامە مسریە کە بەزمانی ئینگلیزی بڵاو دەبێتەوە یەکێک لە هۆکارەکانی ناکۆکی چینایەتی و بێبەش بوونی هاوڵاتیانی ئاسایی لە نەبوونی هەوڵی دەوڵەتە یەک لەدوای یەکەکانی کوردستان لەبەکارهێنانی بوودجە و داهاتی زۆر بۆ دروستکردنی ژێرخانی بەهێز و مۆدێڕن لەپێناو خزمەتگوزاری و پێکهێنانی ئیش زانیوە. نووسەری ئەم نووسراوە بە ئاماژە بە دەسەڵاتداری دوو پارتی یەکێتی و پارتی پێی وایە کە زۆربەی سەرچاوی هەرێمی کوردستان لەژێر رکێفی دەسەڵاتداراندایە و خەڵکی ئاسایی بێ بەشن.
ئەم دەقە ئاماژە بە هۆکاری ناڕزایەتییەکان دەکات، کۆتایی هاتنی سەبر و تەحەمۆلی خەڵکی ئاسایی و کاردانەوەیان بۆ پێشلکاری مافەکانیان و ژیانی فەوتاویان و ماڵباتەکانیانە.
لەم دەقە جەخت کراوەتەوە کە ناڕزایەتییەکانی کوردانی ئێڕاق زیاتر لە ویستی دانی مووچەیە و ئەوان خوازیاری لادانی دەسەڵات و سیستمی دەسەڵاتداریە.
ئەم هەفتەنامەیە ناڕزایەتییەکانی ئەم دوایەی خەڵکی هەرێمی کوردستانی وەک ریفراندۆمێکی دیکە لەهەرێمی کوردستان زانی کە تێدا خەڵک بێدەنگیان شکاندووە و داوا لە چینی دەسەڵاتدار لە بەغدا، سلێمانی و هەولێر دەکەن کە واز لەدەسەڵات بێنن چوونکە ویستی خەڵک ئەمجارە کۆتایی هێنانە بەم دەسەڵاتەی ئێستا. خەڵک دەیانەوێت ئەم گۆڕانکاریانە بکرێت تەنانەت گەر رێگە ئاشتیخوازەکانیش سوودی نەبێت و ئەوان ناچار بن روو لە خۆپیشاندانی توندوتیژ بکەن.