چاودێر لە درێژە وتووێژی لەگەڵ قوربانیان تاوانەکانی پەژاک و پەکەکە، ئەمجارە لەگەڵ برای فەرزندە مەزڵوومی دا قسەی کردووە.
وای پێدەچێت شەمەندەفەڕی پەکەکە/پەژاک بۆ کوشتنی منداڵان و لاوانی کورد نایەوێت ڕابوەستێت.
کرداری گرووپە ملیشیاکانی وەک پەژاک لە بەکارهێنانی منداڵان لە شەڕدا بە پێچەوانەی بەڵێنێک کە بە کنوانسیۆنی ژنێڤیان واژۆ کردووە کە”منداڵانی خوار تەمەن ۱۸ ساڵ بەکار نەهێنن”.
لەوانەیە بکرێت هەڵخەڵەتاندن و ڕفاندنی گەنجان و هەڵبەت منداڵانی کورد و دواتر چەکدارکردن و بەکارهێنانیان بۆ ئامرازی تاکەکەسی و بەرژەوەندی سەرکردەکانی پەژاک و پەکەکە تەنیا دەستکەوت و دیاری ئەمانە بێت کە خۆیان بە پارێزوانی مافی کورد دەزانن.
لەڕاستیدا هەنگاوی پێشلکاری مافی مرۆڤە کە ئەم گرووپانە بە بەردەوامی پێداگری لەسەر دەکەن.
لەکاتێکدا لەجیهاندا توندوتیژی باوی نەماوە و پرسەکان لەڕێگای دیپلۆماسی و وتووێژ لەگەڵ مرۆڤەکان چارەسەر دەکرێت، بەڵام پەژاک باڵی پەکەکە بۆ برەو دان بە توندوتیژی هێشتاش هەوڵ دەدات تا ژمارەیەکی زۆرتر لە گەنجان بنێرێت بەرەو مردن.
زۆربەی ئەم منداڵانە (خوار تەمەنی ۱۸ ساڵ) بە زۆر و هەڕەشە، تووش کردن بە مادەی هۆشبەر یا دائینی پارە ئیشیان پێ دەکرێت.
لەبەر ئەوەی کە منداڵان بە ئاسانی دەکەونە ژێر کاریەگەریەوە بە ئاسانیش دەکەونە نێو داوی پەکەکەوە. بۆ نمونە لە ڕێگای قوتابخانە دەدزرێن یا فریو دەدرێن، یا ماڵباتەکانیان بە هۆی هەژاری و نەدار ڕازی دەبن لە بڕی پارە بیاندەن بەوان.
لەلایەکی دیکەوە پەکەکە لەڕێگای قوربانی کردنی منداڵان بە ئاسانی دەتوانن بگەنە ئامانجەکانیان، چونکە منداڵان لەچاو گەورەکان ڕوانگەیەکی تەسکتریان لەمەڕ کارەساتەکانی گۆڕەپانی شەڕ هەیە و بە واتایەکی دیکە بوێرترن.
هەندێک جار ئیشی مەترسیدار دەکەن کە گەورە پێی ناکرێت. سیخۆڕی دەکەن یا تەقەمەنی بە ئاسانی جێبەجێ دەکەن.
یەکێک لەم منداڵانە فەرزەندە مەزڵوومییە.
دەقی دیمانەکە:
براکەم بە هۆی نەبوونی ئیش و کار لە ئێران ناچار ڕۆشت بۆ تورکیا و سەرقاڵی شوانی بوو.
فەرزەندە کێشەی ماڵباتی نەبوو و هیچ کات پێشینەی وەهاشی نەبوو کە سەر بە لایەن و پارتێک بێت و قەتیش وا نەبوو کە حەزی لە پارتێک بێت یا چالاکیان بۆ بکات.
تەنیا هۆکاری دەرچوونی لە ئێران ئەوە بوو کە لە تورکیا ئیش بکات و پارەیەک بە دەست بخات و دواتر بڕوات بۆ ئەورووپا.
چەند مانگێک دوای ڕۆشتنی ماوەیەک پەیوەندیەکەی پچڕا بە منی وتبوو کە لەوێ شوانی دەکات ئێمەش بە ئاسوودە بووین کە براکەمان خەریکی ئیشە و زۆر هەستیار نەبووین لەسەری.
بەڵام ماوەیەک تێپەڕ بوو کاتێک کە زانیمان ون بوو هەندێک نیگەران بووین بەڵام وامان زانی کە لەوانەیە توانیبیتی لە تورکیا بڕوات و خۆی بگەینێتە وڵاتێکی ئەورووپی.
ئەم چاوەڕوانییەی ئێمە سێ مانگی خایاند بەڵام هیچ هەواڵێکی لێ نەبوو بەجێگای ئەوەی کە ئاگاداری شوێنی نیشتەجێ بوونی براکەم بین لە ئەورووپا هەواڵی مردنی پێمان گەیشت.
ئێمەش نەماندەزانی تا ئەوەی کە یەکێک لە دۆستانمان کە زۆر سەری سوڕ مابوو پێمانی وت کە ئایا کەسێکتان لەنێو پەژاکدا کوژراوە؟
ئێمەش چون دەمانزانی کە بۆ ئیش کردن ڕۆشتوو بۆ تورکیا و ئارمانجی نەبوو وتمان نا تا ئەوەی کە خۆمان لە کەناڵی تەلەڤزیۆنی دا بینیمان و زانیمان بەڵێ، براکەم لەتورکیا کوژراوە ئەمە چۆن دەبێت؟ چۆن هەڵخەڵەتا؟
چۆن چۆنی بوو کە براکەم هیچی لەبارەی ئەم گرووپانەوە نەدەزانی و ئێستا بۆتە ئەندام و یا کوژراوە؟ بۆیە خێرا ڕۆشتم بۆ تورکیا دوای گەڕان لە نەخۆشخانەکان بۆ دۆزینەوەی تەرمی براکەم لەوێ پێیان وتم کە لە شەڕ دا کوژراوە و تەرمەکەی ڕادەستی ئێوە ناکەینەوە.
بۆیە ناچار بووین لە خاکی تورکیا بینێژین. دوای بەدواداچوون زانیمان کە چۆن و بۆ تەڤلی بووە.
بەڵام کەس هیچ وڵامێکی پێ نەداینەوە. ئەندامانی پەکەکە تا ئەوڕۆکەش هیچ هەواڵێکیان پێ نەداوین و هیچ هۆکارێکیان بۆ کوشتنی نەخستۆتە ڕوو.
براکەم زۆر گەنج بوو ماویەک کورت بوو کە لەسەربازی گەڕابووەوە و توانیبووی پەساپۆرت وەربگرێت. وایدەزانی دەتوانێت هەرجۆرێک بێت کۆچ بکات و لە وڵاتێکی دیکەدا بژیت بەڵام نەیدەزانی کە لەم ڕێڕەوەدا لەوانەیە بکەوێتە داوی ئەم کەسانەوە و هەموو ژیان و گەنجی بگۆڕن. ژیانێک کە بۆیان هیچ گرنگ نییە و زۆر ئاسان دەیکەن قوربانی مێشکە نەخۆشەکەیان.
براکەم ئێرانی بوو چۆن لەتورکیا کوژرا؟ بە چ هۆکارێک دەبێت لە تورکیا شەڕ بکات؟